لوقمان وەردی لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسیویەتی، بە ئەرکی نیشتمانیی و دیموکراسییانەی دەزانن کە رووبەرووی تاکڕەویی سیاسیی ببنەوە و ھەر بڕیارێک بە تاکڕەوییانە درابێت سەرئەنجام بە شکست کۆتاییھاتووە.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت، "تاکرەویی بڕیاردانی حیزبیی، بۆتە مایەی کێشەو نەھامەتی و مالوێرانی بۆ گەلەکەمان و گەرانەوەمان چەند ھەنگاوێک بۆ دواوە.

لوقمان وەردی دەڵێت پارتی بانگەشە بۆ بڕیاری تاکڕەوی دەکات لە پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڵام ئەوان ڕێگە بەوە نادەن.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت، " ڕێگە نادەین پارتی وەک لایەنێکی سیاسی بەتەنھاو بەپێی ویست و بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی بریاری لێبدات و ھەڵبژاردن بۆ مەرامی حیزبیی بەکاربھێنێ، بەڵکو دەبێت بریاری بەکۆمەڵ و بەشەراکەتی سەرجەم ھێزەسیاسیەکان بدرێت."

لوقمان وەردی داواش دەکات پەلە بکرێت لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی و پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پاراستنی مافی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە.