ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە کوردستان تێدەپەڕێت
کوردسات نیوز
٥ی نیسانی ٢٠٢٢
ڕۆژی ٥ی نیسانی ساڵی ١٩٩١، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی پڕۆژەبڕیارێکی ھاوبەشی بەریتانیا و فەڕەنسا و تورکیا کۆبووەوە و بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی بەسەر حکومەتی ئەو کاتی عێراقدا سەپاند و ناوچەی دژەفڕینی لە ھێڵی ٣٦ لە کوردستان دروستکرد.
لەو کاتەدا ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگیان بە پڕۆژەبڕیارەکەدا و وڵاتانی یەمەن و زیمبابۆی و کوبا بە نەخێر دەنگیان بە پڕۆژەبڕیارەکەدا و چین و ھندستانیش بێلایەنییان ھەڵبژارد.
ئامانجی بڕیارەکە پاراستنی خەڵکی کوردستان بوو لە ھێرشی ڕژێمی بەعس و دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکەی گەلی کورد ھات، کە ئەنجومەنی ئاسایش لە ماددەی دووی بڕیارەکەدا، داوای لە حکومەتی ئەو کاتی عێراق کرد، ھێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد ڕابگرێت و دەرفەت بدات گفتوگۆیەکی کراوە بکرێت.
بڕیاری ٦٨٨ بە یەکەمین بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە کورد و پاراستنی لە جینۆساید لە لایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە دادەنرێت.