داوای قەدەغەکردنی فرۆشتنی چپس و شیرینی دەکرێت لە فرۆشگەی خوێندنگەکان
کوردسات نیوز
٥ی نیسانی ٢٠٢٢
"د. پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل" لە نوسراوێکدا داواکەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کردووە و دەڵێت پێویستە چاو بخشێنرێتەوە بە فرۆشگەی قوتابخانەکانی سلێمانی و دەوروبەری، بۆ باشکردنی کوالیەتی و جۆری ئەو خواردەمەنییانەی بە خوێندکاران دەفرۆشرێن.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە فرۆشتنی چپس و شیرینی و نەستەلە و شەربەتی تۆزی گیراوە قەدەغە بکرێن، چونکە زیانی گەورەیان بۆ تەندروستی منداڵان ھەیە، ئەو منداڵانەشی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە کاریگەری خراپیان لەسەر دروست دەبێت و کۆنترۆڵی شەکرەیان لە دەست دەدەن.
"د. پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل" داواشی کردووە لە بری ئەو خواردنانە، جۆرەکانی میوە و چەرەسات و شیر و نۆکاو و پاقلەی کوڵاو و ھێلکەی کوڵاو و چەند بابەتێکی تر بفرۆشرێن، ئەوەش لە ژێر چاودێری تەندروستیدا.



