بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا رایانگەیاند ، لەدوو چالاکی جیادا شەش تۆمەتبار دەستگیرکران کە دوو لەتۆمەتبارەکان تەقەیان لە ھاوڵاتییەک کردبوو. چوار تۆمەتبارەکەی تریان لەسەر سکاڵای ژنێک دەستگیرکراون کە دەستدرێژیان کردبووە سەری .

ئاماژەیان بەوەکرد ، دوای ئەوەی ژنێک سکاڵای تۆمارکرد لەسەر چەند کەسێک کە دەستدرێژییان کردۆتەسەر، لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆوە توانرا چوار تۆمەتبار دەستگیربکرێت، کە یەکێک لەتۆمەتبارەکان سکاڵاکاری ھەڵخەڵەتاندووەو بردویەتی بۆ باخێک لەسنوری بەکرەجۆ، لەوێ تۆمەتباران دەستدرێژییان کردۆتەسەر.

ھاوکات، لەچالاکییەکی ترداو دوای ئەوەی ھاوڵاتییەک لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە لەسنوری گەڕەکی بەکرەجۆ بە فیشەک بریندار کرا ، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆ و ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردوو توانرا ھەردوو تۆمەتبارەکە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن .

لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوان و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.