(موسەننا ئەمین) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران مافی ھەیە لە ھەر لیژنەیەکدا بیەوێت بەشداری بکات، لە خولەکانی رابردوشدا میکانیزمی بەشداریکردن لە لیژنەکان بەشێوەیەک بوو کە داوا لە فراکسیۆنەکان دەکرا ناوی ئەندامەکانیان بنێرن بۆ لیژنە ھەمیشەییەکان و دواتر لە نێوان کورد و سوننە و شیعە بەشێوەیەکی یەکسان دابەش دەکرا.

وتیشی، ئێستا تەنھا ئەو فراکسیۆنانەی بەشداری دانیشتنەکانیان کردوە ناویان لە لیژنە ھەمیشەییەکانیاندا ھەیە، ئەو نەریتەش جۆرێکە لە سزادان و قۆڵبادان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیش مافی نییە ئەو کارە بکات.

جەختیشیکردەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش لیژنەکان بەو شێوەیەی ئێستا دەنگیان لەسەر نادرێت، بەڵکو ھەموو پەرلەمانتاران دەبێت بخرێنە لیژنەکان.