بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە چالاکییەکدا و دوای ئەوەی تۆمەتبارێک لە سەیرانگەکانی سنوری قەزای قەرەداغ تەقەی کردبوو، توانرا دەستبەجێ لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغەوە دەستگیربکرێت ‌و دەستیشگیرا بەسەر چەکێکدا لەجۆری کڵاشینکۆف کە تۆمەتبار تەقەی پێکردبوو و تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چالاکییەکی ترداو دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە چەند تۆمەتبارێک تەقە دەکەن، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار.

رونیکردووەتەوە، سەرئەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە سەرجەم تۆمەتباران کە چوار کەسن لەسنوری بنکەی پۆلیسی سەرچنار دەستگیربکرێن و دوای دەستگیرکردنیان دەرکەوت تۆمەتباران لەسنوری ھاوینەھەواری دوکان تەقەیان کردووە و کە دووان لە تۆمەتبارەکان لە رەگەزی مێن.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستیشگیرا بەسەر چەکێک لە جۆری کڵاشینکۆف کە بەتۆمەتباران بووە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراون ‌و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.