ئاگادارییەک لە ھاتوچۆی سلێمانی-ەوە
کوردسات نیوز
٣ی نیسانی ٢٠٢٢
بەرێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ماوەیەکە دوو دیاردە لە بواری ھاتوچۆدا دەرکەوتووە، کە ھەم سەرپێچییە لە یاسا و رینماییەکانی ھاتوچۆ، ھەم بووەتە مایەی گلەیی و ناڕەزایی ھاوڵاتیان، ئەویش پێشبڕکێکردنە بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەشێوەیەکی مەترسیدار وە گۆڕینی ساڵانسای ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن چەند شۆفێرێکەوە و بێزاری ھاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەکات کە بەپێی یاسای ھاتوچۆ لێخوڕین بە تیژڕەوی و بەشێوەیەکی مەترسیدار و نەبوونی مەرجەکانی توندو تۆڵی لە ھەر بڕگەیەکی مەرجەکان سەرپێچییە و وە سزای یاسایی دیاری کراوی ھەیە وێڕای دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە.
ھاتوچۆی سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیان دەکات ھاوکاریان بن لە دەست نیشانکردنی ئەو جۆرە رەفتارانە و ھەر ھاوڵاتییەک وێنە و ڤیدیۆی ئەو جۆرە سەرپێچیانەی لەلایە لە ڕێگەی پەیجی ھاتوچۆی سلێمانییەوە بۆیانی بنێرن یان بە زانیاری ئاگاداریان بکەنەوە لە ڕێگەی ژمارە کۆنترۆڵی ھاتووچۆ ١٨٨ و سەنتەری ھەماھەنگی پەیوەندییەکان PJCC ژمارە ١٠٠.