بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٣١ی ٣ی ٢٠٢٢ لە کاتی کۆتاییھاتنی یاری نێوان دوو یانەی وەرزشی لە یەکێک لەیاریگەکانی قەزای کەلار کۆمەڵێک بەناو ھاندەر لەپاش تەواوبوونی یاریەکە ھێرشیان کردە سەر ماڵی گشتی کە پێکھاتبوو لە ترافیک لایت و کەرەستەکانی ھاتوچۆ لە یەکێک لە فلکەکانی نزیک لەو یاریگەیە و دوور لە ھەموو بەھایەکی نیشتیمانی و نزیکەی  ١٥ گڵۆپی ترافیک لایتیان شکاندووە.

راشیگەیاندووە، بۆ ئەومەبەستە سکاڵای یاساییان لە دژی ئەنجامدەرانی ئەو کارە تۆمار کرد لە دادگای لێکۆڵینەوە و دادوەری لێکۆڵینەوەش کۆنووسی بۆ کەیسەکە کردەوە و بەپێی مادەی  ٤۷۷ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ۱۱۱ ساڵی ۱۹٦۹ فەرمانی راگرتنی بۆ ژمارەیەک لەو کەسانە دەرکرد .

بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان رونیکردوەتەوە، ھۆکاری دواخستنی راگەیەندراوەکە لەبەر پاراستنی سەلامەتی لێکۆڵینەوە و دروست دەرخستنی راستیەکان بووە .