لە راگەیەندراوێکی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بە فەرمانی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە مەبەستی رەچاوکردنی بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان لە مانگی ڕەمەزاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کاتی دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی یەک سەعات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەعات ٩:٠٠ی بەیانی کاتی دەستپێکردنی وانەی یەکەم دەبێت و کەمکردنەوەی کاتی وانەکان (پراکتیکی و کردارەکی) بۆ ماوەی نیو سەعات، بۆ ئەو وانانەی دوو سەعاتی و سێ سەعاتین.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکە ھاتووە، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆک زانکۆکان بۆ رەچاوکردنی کاتی ئەو وانانەی لە کاتی ئێواراندان و دەکەوێتە کاتی بەربانگ بە شێوەیەک لەھەمو حاڵەتیکدا وانەکان (تیۆری و پراکتیکی)، نیو سەعات پێش بەربانگی ئیواران کۆتاییان پێ بێت.