وەزارەتی تەندروستی دەوام کەمدەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢ی نیسانی ٢٠٢٢
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رەچاوکردنی کاتەکانی دەوام تەنھا بۆ مانگی رەمەزان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە بڕیاریاندا بە کەمکردنەوەی یەک سەعات لە کاتەکانی دەوام.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوامی دیوانی وەزارەت و بەرێوەبەراتییە گشتییەکان و بەرێوەبەرایەتییەکان و ھەر دامودەزگایەکی تری تەندروستی لە رۆژانی شەممە دوامی نییە، لە رۆژەکانی تری ھەفتە دەوامی رەسمی لە سەعات سێی دوانیوەڕۆ بۆ سەعات دووی دوانیوەڕۆ کەمدەکرێتەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکان و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان و لە سەعات دوو بۆ سەعات یەک کەمدەکرێتەوە.
ھەروەھا خزمەتگوزارییەکانی دوای دەوامی رەسمی وەکو نۆرینگە میللیەکان و راوێژکارییەکان و نیمچە تایبەت بەھەمان شێوە یەک سەعات لە کۆتایی دەوام کەمدەکرێتەوە.