د. رێواز فایەق لە پەیامەکەدا راشیگەیاند، ھاوسۆزیی قوڵی خۆمان بۆ ئەو دایک و باوکە میھرەبان و خەمخۆرانە دەردەبڕین، کە بە پشویەکی درێژ و لەخۆبردوانەوە ڕوبەڕوی دۆخی سەختی پەروەردەیی جگەرگۆشەکانیان بونەتەوە، ماندوبون و ھیلاکیتان جێگەی ئەوپەڕی ستایشە. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەرکی حکومەت و دامەزراوە تەندروستییەکانە، دەستباری ئەم ئەرکە قورسە پەروەردەییە لەگەڵ دایک و باوکانی خاوەن جگەرگۆشەی ئۆتیزم لە ئەستۆ بگرن، ئەویش بە کردنەوەی ڕێژەیەکی گونجاو لە سەنتەری ڕاھێنان و چارەسەرکردن، ھاوکات ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕِێکخراوە مرۆییەکان، بە یاسایەک ماف و پێداویستییەکانی ئەم توێژە و خانەوادەکانیان دەستەبەر بکرێت.

سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت ، ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ھاتووە؛ لەنێوان ھەر (١٦٠) سەد و شەست منداڵێکدا یەکێکیان گیرۆدەی ئەم دۆخە تەندروستییە خراپ و ناھەموارەی ئۆتیزمن. دیارە ئەم ڕێژە بەرزەش لێکەوت و کاریگەریی خۆی ھەیە و زۆربەی کاتەکان باوانی مناڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دووچاری خەمۆکی و چەندین جۆری ناسەقامگیریی دەروونی دەبنەوە، بەھۆی ھیلاکیی بەخێوکردنەوە، بێگومان کاریگەرییەکانیشی دەپەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە .