قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ، کە بە جەژنی سەری ساڵی بابلی ئاشووری ناسراوە، دەڵێت پێویستە کاربکەین بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراتی لەژیانی ھاوبەش و برایەتی.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئاشوری و کلدانی و سریانییەکان دەکات و بەپێویستی دەزانێت کاری پێکەوەیی ئەنجامبدرێت بۆ ئایندەیەکی گەش بۆ ھەرێمی کوردستان و ئارامی و دڵنیایی.

لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا ھاتووە " لەم جەژنەدا، ھیوای ژیانێکی خۆش و ئایندەیەکی گەش بۆ ھەرێمەکەمان و ئارامی و دڵنیایی بۆ گەلەکەمان دەخوازین."

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند پێویستە کار بکەین "بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە گەلەکەمان لەپێناویدا خەباتی کردووە."

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

 بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشوری، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برایانی ئاشوری و سریانی و کلدانی دەکەم لەھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھان بەگشتی.

لەم بۆنە رەسەن و دێرینەدا کە ناسنامەی مێژوویی و شارستانی گەلی سریانی ئاشوری-یە، دووپاتی دەکەینەوە کەپێویستە کار بکەین بۆ پتەوترکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پابەندبوون بەبنەماکانی دیموکراتی لەژیانی ھاوبەش و برایەتی و کارکردنی پێکەوەیی بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە گەلەکەمان لەپێناویدا خەباتی کردووە.

لەم جەژنەدا، ھیوای ژیانێکی خۆش و ئایندەیەکی گەش بۆ ھەرێمەکەمان و ئارامی و دڵنیایی بۆ گەلەکەمان دەخوازین.

قوباد تاڵەبانی 
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران