میدیاکانی ھۆڵەندا بڵاویانکردەوە، کەسێکی چەکدار دەستڕێژی گولەی لە دوو ھاوڵاتی خەڵکی دێرسیمی باکوری کوردستان کردووە و لەئەنجامدا ھەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕی کریمێستێ-ی ھۆڵەندی بڵاویکردەوە، ڕووداوی تەقە کردنەکە لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی مەکدۆناڵد لە شاری زۆلێ لە ھۆڵەندا ڕوویداوە و کوژراوەکان برای یەکدین. 

یەکێک لە کوژراوەکان تەمەنی ٥٧ ساڵە و ئەوەی دیکەشیان ٦٢ ساڵە و بە ناوی عەلی تۆرونلار و حوسێن تۆرونلار ناسێندراون.
 
پۆلیسی ھۆڵەندا ڕایگەیاند ڕووداوی تەقەکردنەکە ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ڕوویداوە  و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

پۆلیسی ھۆڵەندا دەڵێت "یەکێک لە قوربانییەکان ھەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا و ھەوڵماندا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دیکە کە لە ژیاندا مابوو، بەڵام بێسوود بوو، ئەوی دیکەش ھەر لەو شوێنە گیانی لەدەستدا."