پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت
کوردسات نیوز
٣١ی ئازاری ٢٠٢٢
عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لیژنەکەیان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئیمزا کردنی پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
وتیشی، لیژنەکە بڕیاریدا بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ۷۸ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی یاسایی ئەندامان، پێشنیازە یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان ئیمزا بکرێت و ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان.