ئاراز حەمە غەریب بەرێوەبەری خانەنشینی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژمارەی بانکەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان کەمە و پێویستە زیاتر بکرێن، بەم رێگەیە دەتوانرێت کێشەی قەرەباڵغی لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا چارەسەر بکرێت.


وتیشی، پشینیازیانکردووە ھەر کەسێک خانەنشین دەبێت لای ئەوان مامەڵەکانی بۆ بکرێت، بەڵام مووچەکەی بۆ بنرێنەوە ئەو فەرمانگەی پێشتری دەوامی لێکردووە و مووچەی لەوێ وەربگرێت، تا قەرەباڵغی لەبانکەکان کەمبێتەوە.


ئاراز حەمە غەریب راشیگەیاندووە، پێشتر بەپێی ژمارە مووچەیان دابەشدەکرێت، بەڵام سەرکەتوو نەبوو، چونکە خانەنشینان وەکو پێویست پێوەی پابەند نەبوون.


بەرێوەبەری خانەنشینی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە پێش بەغداد ئەوان مووچەی خانەنشینانیان کردووە بە کارت، بەڵام سەرکەتوو نەبوو، بەھۆی ئەوەی ئەو بانکەی مووچەی لێدەبەشدەکرا مایەپووچ بووە و بەشێک لە خانەنشینان نەخوێندەوارن بوون و خەڵکان دەچوون پارەکەیان بۆ وەردەگرتن و فێڵیان لێدەکردن.


لە سلێمانی زیار لە ٤٦ ھەزار خانەنشین لە ١٤ بانکدا مووچە وەردەگرن، زۆری ژمارەی خانەنشین و کەمی بانکەکان وایکردووە لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بانکەکاندا دروست ببێت، لەماوەی رابردوودا بەھۆی قەرەباڵغییەوە سێ خانەنشین لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.