دەرباز کۆسرەت رەسول: قبوڵی ناکەین ئیرادەمان بشکێت
کوردسات نیوز
٣١ی ئازاری ٢٠٢٢
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتی لە ھەولێر رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە یەکێتی بکەنە ھێزێکی سەرەکی لە بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا و ھەر لەسەرەتاشەوە بڕوایان بە یەکریزی ھێز و لایەنەکان ھەبووە و ئیستاش بڕوایان پێیەتی، بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت ئیرادەیان بشکێنێت قبوڵی ناکەن.
وتیشی، ھیچ کاتێک پۆست لای ئەوان گرنگ نییە و بەڵکو داخوازییەکانی ھاوڵاتیان بەلایانەوە گرنگە، ئەوانیش بابەتەکانی خاک و داھات و پێشمەرگەن و لەسەرو ھەمووشیانەوە کەرکوک، کە ھیچ کات سازشی لەسەر ناکەن و بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە ھێزە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابینشن و بە پڕۆژەیەکی کوردانە بچنە بەغداد، کە لە ئاستی داخوازییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان بێت تا بتوانن لە بەغداد دەستکەوتی باشتریان ھەبێت.
لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت، " ئێمە بە گرنگی دەزانین چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، بەڵام مەرجی ئێمە وەکو یەکێتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە، کە ئەویش پێویستی بە سازانی نیشتمانی ھەیە، ناکرێت ئیرادەی ھێزێک فەرز بکرێت بەسەر زۆرینەدا".