بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی: کارتی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست دەکەین
کوردسات نیوز
٣١ی ئازاری ٢٠٢٢
"حازم ئیسماعیل گۆران" بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، ھەوڵێکی زۆریانداوە سیستەمی ئەلکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو ساڵە لەگەڵ ڕێکخراوی UNDP کار دەکەن و سیستەمێکی ئەلکترۆنییان دروستکردووە کە ١٤ بەڕێوەبەرایەتی بەیەکەوە دەبەستێت ئەو ١٤ بەڕێوەبەرایەتیە لەمەودوا کاری خانەنشینان بە کاغەز و بە فایل ناکەن، بەڵکو بە ئەلکترۆنی دەبێت، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەو سیستەمە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بانکەکانی ھەرێمیش ئەوانەی سەر بە حکومەتن چەند بانکێکیان بە ئەلکترۆنی کردووە ئێستا خەریکن وەکو بەغداد کارتی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست بکەن.
وتیشی، ھەوڵدراوە ھەر خانەنشینانێک کارتی خۆی ھەبێت و ھەندێک ئامێر دادەنرێت کە ئەو قەرەباڵغیە دروست نەبێت و خانەنشینان بتوانن بە کارت مووچەکانیان وەربگرن.
بە وتەی بەڕێوەبەری خانەنشینی ھۆکاری قەرەباڵغی بانکەکان دەگەڕێتەوە بۆ زۆری خانەنشین و کەمی ئەو بانکانەی دیاریکراون بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی.