سەفین تاھیر محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ھۆشداریدا لەوەی خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لەم کاتەدا لەدیارترین ھۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژین.

لە لێدوانێکدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم، سەفین تاھیر محەممەد ئەمین وتی " ئەوەی ئێستا ھەیە لەو سێ مانگەی ڕابورد بەراورد بە ساڵی پار ڕێژەی توندوتیژی خێزانیی کەمتر بووە ، بەڵام ساڵانە بە گشتیی ئاستی تۆمارکردنی سکاڵاکان بەرز دەبێتەوە بۆ نموونە ئامارەکانی کوشتن بەرەو کەمبوونەوەیە و  لە بەرامبەردا سکاڵاکان زۆر بوون."

سەفین تاھیر محەممەد ئەمین ڕاشیگەیاند ھۆکاری زەقی ئەو کێشانەی کە لەنێو خێزانەکاندا دروستدەبێت ناپاکی خێزانییە و خراپی باری ئابووریش ھۆکارێکی دیکەیە.

بە وتەی سەفین تاھیر محەممەد ئەمین " لە پێشتر ھەندێ ھۆکار ھەبوونە وەکو مەسەلەی ژن بە ژنی و گەورە بە بچووک و  ئەمانە بەڵام ئێستا ئەم دیاردەیە کەمبۆتەوە بەڵام لە ئێستادا بە پلەی یەکەم ئەو تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەی کە ھەیە بە ھۆی خراپ بەکارھێنانی بۆتە ھۆی دروستبوونی چەندین کێشە و گرفت لە ناو خێزانەکان."

ڕۆژی ٨ی مارس، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕێواز فایەق ڕایگەیاند ھەنگاوی زۆر باش نراون بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان و پەرلەمان یاسای باشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەرکردووە.