وەزارەتی نەوت داوای جێەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەکات
کوردسات نیوز
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢
لە نوسراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ھاتووە کە دەبێت ھەرێم لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەرجەم گرێبەستەکانی نەوت و غاز، بە گرێبەستە ٥٠ ساڵییەکەی تورکیاشەوە، ڕادەست بکات و ئەوانیش بەپێی یاساکانی عێراق ھەڵسەنگاندی بۆ دەکەن و دووبارە ڕێکی دەخەنەوە.
بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ھەرێم پابەند دەکات بە دامەزراندنی "کۆمپانیای سەرچاوە نەوتییەکانی کوردستان" و ئەم کۆمپانیایە بارەگاکەی لە ھەولێر دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبەسترێت بە وەزارەتی نەوت و سەرپەرشتی سەرجەم پرۆسە نەوتییەکانی ھەرێم دەکات.
ئەگەر نوسراوەکە جێبەجێبکرێت، دەبێت ھەژماری بانکی بکرێتەوە لە بانکە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکان بۆ داھاتی نەوت و غازی ھەرێم و ھالک بانکی تورکی و ھەندێک لەو بانکانەی متمانەیان نیە دوور دەخرێنەوە.
لە نوسراوەکەدا ھۆشداری دراوەتە سەرجەم لایەنەکان بە حکومەتی ھەرێمەوە کە پابەندییەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن.
