لە دیدارێکی نێوانیاندا باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرا.

سەرۆکی پەرلەمان، دووپاتی کردەوە کە سازان و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە. وتیشی، ھیواخوازن لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوی کردەیی بنێن و زەمینەسازیی گونجاو بڕەخسێنن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان تیشکی خستە سەر چەند لایەنێکی کاری پەرلەمان لەم خولەی ئێستا و بایەخی دەرچوواندنی ئەو یاسایانەی کە لەم خولەی پەرلەمان دەرچوون خستەڕوو و ڕِایگەیاند، "کاری لەپێشینەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گرنگیدان بوو بە بەھێزکردنی سێکتەرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بازرگانی، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان تەنھا پشت بە کەرتی نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکان نەبەستێت".

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وڵاتی ئیتاڵیا و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی کرد، لە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا.

لای خۆشیەوە میکێلێ کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ خستنەڕووی ھەموو ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ھەردوولاش جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کردەوە.