سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاداشتێک لە لایەن چەند ئەندامێکی ئەنجومەنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بڕە داھاتانەی دێتەوە بانکەکانی سلێمانی، و ڕێکخستنەوەی سیستمی پێدانی موچە بەتایبەت موچەی خانەنشینان، وتیشی، لە دوای پشووەکانی نەورۆز بە پێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ ھەموو دەسەڵاتەکانیان دەخەنە کار، بۆ چاککردنی سیستمی دابەشکردنی مووچە.

سەبارەت بە داھاتی سلێمانی،  ئازاد محەمەد ئاشکرایکرد، سەرۆکی لیژنەی دارایی بە بەڵگە و ھەموو ئەو دەنگۆیانی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە داھاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە، بەپێچەوانەوە پارە لە ھەولێرەوە نایەت بۆ سلێمانی ، ھەموو ئەو پارانەشی لە سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕینە حکومەتی ھەرێم خۆی بڕەکەی دیاریکردووە دەگەرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

ئازاد محەمەد وتیشی، بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە یانزە مانگی ساڵی ٢٠٢١ ترلیۆنێک و ١٠٧ ملیار دینار  لە سلێمانی تەرخانکراوە بۆ موچە، بەو جۆرەش مانگانە بڕی ١٠٠ ملیار دینار لە بانکی سلێمانیەوە نێردراوە بۆ موچە کە ئەوەش زیاترە لەو ٧٣ ملیار دینارەی داواکراوە لە داھاتی سلێمانی بۆ مووچە دابین بکرێت.