هۆزەكانی سوریا كشانەوەی چەكدارەكانیان لە سوەیدا راگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت پێویستە دەسەڵاتدارانی سوریا دەستبەجێ كوشتنی كەسانی بێتاوان لەو پارێزگایە رابگرن.
نورەدین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، دوای هەوڵە چڕەكانی وەزارەتەكەیان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست، لە ئێستادا سەرجەم چەكدارانی هۆزەكان لە پارێزگای سوەیدا كشاونەتەوە.
هەروەها ئەنجومەنی هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچەیەش كشانەوەی سەرجەم چەكدارەكانیان راگەیاند و ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، بۆ پابەندبوون بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ حكومەتی سوریا ئەنجامیانداوە هێزەكانیان كشاندۆتەوە.
هاوكات، سەرۆكایەتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا هۆشداریدا لە پێشێلكاریی رێككەوتنەكە و رایگەیاند، هەر پێشێلكارییەك بە تێكدانی سەروەری نیشتمانی هەژمار دەكرێت.
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی سوریا دەستبەجێ دەستدرێژی و كوشتنی كەسانی بێتاوان رابگرن، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامبوونی ئەو پێشێلكارییانە هەموو چانسێك بۆ داهاتووی سوریای یەكگرتوو و ئارام تێكدەدات.
جەختیشی لەوە شكردەوە، ئەگەر دیمەشق جدییە لە پاراستنی هەر هیوایەك بۆ بنیاتنانی سوریایەكی دوور لە داعش و وڵاتان، دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنێت.
وتیشی، پێویستە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە بكرێت كە دەستیان هەبووە لەسەر هەڵدانی ئاڵۆزییەكان و كوشتنی خەڵكی بێتاوان.