لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناڕەزایی و گلەییەکانی خەڵک لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بکرێن و جارێکیتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت خێروبێری ئەم ھەرێمە بۆ ھەمووان بێت و ھیچ جیاوازییەک نەمێنێت.


دەقی پەیامەکە... 
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوادارم ھەموولایەک لە خۆشی و کامەرانیدا بن

جەژنی نەورۆز ھێمای نوێبوونەوە و سەرکەوتنی ئیرادەی میللەتی کوردە دژی ستەم و نادادی. وەکچۆن لە رابردوودا گەلی کورد نەورۆزی کردە جەژنی ئازادی و سەرفرازی، ھیوادارم ئەم جەژنەش بکەینە دەرفەتێک و ھەموومان بە رۆحێکی کوردانە و دوور لە ھەموو جیاوازییەکی سیاسی، یەکدەنگ و یەکڕیز بین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان.

دەزانین ھاووڵاتییانمان نیگەرانن و کەموکورتی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا ھەیە. ناڕەزایی و گلەییەکانی خەڵک لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بکرێن، بەڵام بێئومێد نین و لەگەڵ دۆستەکانمان لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییھێنان بە قۆرخکاری و ناشەفافی لە بودجەدا. جارێکیتر جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت خێروبێری ئەم ھەرێمە بۆ ھەمووان بێت و ھیچ جیاوازییەک نەمێنێت.

دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و ھیوای سەربەرزی و سەرفرازی بۆ ھەموولایەک

بافڵ جەلال تاڵەبانی
٢٠ی ئاداری ٢٠٢٢