لە ھەر چوار پارچەی کوردستان مەشخەڵی ئاگری نەورۆز ھەڵدەکرێت
کوردسات نیوز
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٢
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان بەشداری ئاھەنگەکانی نەورۆز دەکەن و لە ھەولێر لە پارکی شانەدەر و لە سلێمانی لە گردی مامەیارە و بناری گۆیژە و لە کەرکوک لەسەر قەڵای شارەکە و لە دھۆکیش لە گەلی کورتێ و لە ھەڵەبجەش لە عەبابەیلێ و زەلیلە ئاھەنگی گەورە ساز دەکرێت.
ھاوکات لە ئیدارەکانی گەرمیان و سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تریش بە گۆرانی و ھەڵپەڕکێ مەشخەڵی ئاگری نەورۆز ھەڵدەکەن.
لە شارەکانی باکووری کوردستانیش ئاھەنگەکانی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، بە تایبەت لە شاری ئامەد کە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەشداری تێدا دەکەن و ئاھەنگی نەورۆزی شارەکە بە ئاھەنگی ملیۆنی ناسراوە.
ھاوکات لە شارەکانی ڕۆرھەڵاتی کوردستان ڕێورەسمی تایبەت بۆ یادی نەورۆز بەڕێوەدەچێت و تیایدا شاعیران شیعر دەخوێننەوە و ھونەرمەندانیش بە گۆرانی و ھاووڵاتیانیش بە ھەڵپەڕکێ ئاھەنگەکان گەرمتر دەکەن.
لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش، سەرباری ناجێگری ڕەوشی ناوچەکە لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە، بەڵام ھاووڵاتیان لە حەسەکە و قامیشلۆ بە جلوبەرگی کوردی و وتنەوەی دروشمەکان ئاھەنگی نەورۆز شاز دەکەن.