ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی وەفدی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، گەیشتە شاری ھەولێر و بڕیار وایە سەردانی شوێنی بۆردوومانەکەی ھەفتەی ڕابردوو بکات.

بە پێی زانیارییەکان ھەریەکە لە عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆک ئەرکانی سوپا و نەعیم شەتری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک ئەفسەر و لێپرسراوی ئەمنی و سەربازیی، لە وەفدەکەدا ئەندامن و یاوەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەکەن.

بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردوو بە ١٢ مووشەکی بالیستیی ھێرشی مووشەکی کرایە سەر شاری ھەولێر، دواتریش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، ناوەندێکی ئیسڕائیلیان کردووەتە ئامانج.