سبەینێ لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت
کوردسات نیوز
١٨ی ئازاری ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت و لە کاتەکانی شەودا ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ھەیە، ھەروەھا لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت پاشان بۆ نیمچە ھەور دەگۆڕێت.
لە پارێزگای دھۆکیش ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت دواتر بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت، لە کاتەکانی ئێوارەشدا لە ھەندێک ناوچە نمە باران دەبارێت و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش ھەیە.
لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجەش ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە ھەور دەگۆڕێت. لە کەرکوکیش ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت.
کەشناسی ھەرێم ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، بە گشتی ئاسمانی ھەرێم ھەور و نیمچە ھەور دەبێت.