وەزارەتی شەھیدان ئەو دەرماڵە دەگەڕێنێتەوە کە لە مووچەی مانگی شوبات بڕدرا
١٨ی ئازاری ٢٠٢٢
بەشێک لە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە کاتی وەرگرتنی مووچە بڕە پارەیەک لە مووچەکەیان بڕاوە، لەو بارەیەوە "عادل ساڵح" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، بە ھیچ شێوەیەک دەستکاری مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان نەکراوە و لێبڕین بوونی نییە، ئەوەی ھەبووە ڕ اگرتنی دەرماڵەی ھاوسەری و منداڵ بووە بە پێی یاسا و بڕیارەکە لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم جێبەجێ کراوە.
ڕوونیشیکردەوە، بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی ھاوسەری پێویستە ساڵانە ئەو مووچەخۆرانەی خۆیان و ھاوسەرەکەیان فەرمانبەری حکومەتن، پشتگیرییەک لەو بەڕێوەبەرایەتییە بھێنێت کە کاری تێدا دەکات و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە لە وەزارەتی شەھیدان دەرماڵە وەردەگرێت یان وەزارەتەکەی خۆی، ھەروەھا بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی منداڵیش پێویستە پشتگیری خوێندنگەکەی بھێنێت و ئەگەر تەمەنی منداڵەکەی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، ئەوا دەرماڵەی بۆ خەرج دەکرێت، بۆیە ئەو کەسانەی دەرماڵەکانیان ڕاگیرەوە ھەر کاتێک پشتگیرییەکەیان ھێنا، ئەوا بۆ مانگی داھاتوو دەرماڵەکانیان بۆ خەرج دەکرێتەوە و دەرماڵەی ھیچ مانگێکیش نافەوتێت.