یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێکی ڕەسەن، خاوەن ئامانج و نوێگەرە. خەبات بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەکات و کار بۆ بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، ئاشتی، دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین دەکات.

‎لەم وێستگەی گۆڕانکارییە ڕیشەییەدا کە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال، چاکسازی دەکەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەکێتی ناو یەکێتی پتەوتر دەکەین. ئۆرگانەکانمان کاریگەر و چالاکتر دەکەین تاوەکو ماندوونەناسە ئەرکەکان ڕابپەڕێنن و دڵسۆزانەتر کار بکەن.

‎ستراتیژێکی دوورمەودای سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی کە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حکومڕانی لە عێراق بکات دەکەینە ھەوێنی کارکردنمان.

‎گەنجە خوێنگەرم و ژنە چالاکەکانمان ھێزی لەبن نەھاتووی ئەم حیزبە نوێگەرە دەبن و پێشڕەویی ئەم خەباتە پیرۆزە دەکەن.

‎پێشمەرگەی دێرین، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و تێکۆشەران سەرمایەیەکی گەورەی یەکێتیین و ئەزموونەکانیان دەکەینە سەرمەشقی کارکردنمان.

‎سەربەرزی و سەرفرازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئامانجی مێژوویی و ھەمیشەیی ئەم حیزبە تێکۆشەرەیە، بۆ ئەمەش ھیچ ھێزێک نامانوەستێنێت.