بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھێزی پێشمەرگە پێویستە وەک ھەمیشە ھێزی خەڵک و کوردستان بێت
کوردسات نیوز
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لە بارەی چاکسازیکردن، ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، مەترسییەکانی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.
لە دیدارەکەدا جەخت لە ھەماھەنگی و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەرامەکانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئاماژەکردن بەو ناوچانەی عێراق کە بۆشایی ئەمنی تێدایە و نەبوونی ھەماھەنگی و جموجۆڵی تیرۆریستان ھەڕەشەن لەسەر ئاسایش و ئارامی ئەو سنوورانە، لە پاڵ ئەم پێشھاتانەش ستراتیژی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئاشکراکرد و ڕوونیکردەوە ھەماھەنگی ھەواڵگری، سەربازی و ئەمنی پێویستی بە ھەنگاوی کرداری ھەیە تا بتوانین سەقامگیری ئاسایش بپارێزین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ھێزەکانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاریی، دژەتیرۆر و ناوخۆی ھەرێم ھەماھەنگ و ھاوکارن بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعشیان شکستپێھێناوە کە مەرامیان بووە ژیان لە خەڵک تێکبدەن و ژمارەیەک تیرۆریستیش دەستگیرکراون، کە ئەمە جێگای ستایش و دەستخۆشیمانە بەڵام ڕاشسپێردراون چاوکراوەتر بن و ژیان و ئارامی خەڵک لە پێش ھەموو ئەرکەکانیانەوە بێت.
ھەنگاوەکانی چاکسازیکردن و ڕیفۆرم لەناو یەکە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە بۆچوونیان لە بارەوە خرایەڕوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەفدی میوانی بەرچاو ڕوونکرد و ڕایگەیاند ھەموو ھەوڵێکمان ڕوو لەوەیە پێکھاتەی سەربازی ھێزی پێشمەرگە ڕێکبخەینەوە و بە شێوەیەک ئامادە بکرێنەوە کە ئەم قۆناغە پێویستی پێیەتی، لە ھەنگاوەکانیشمان شارەزایی، پسپۆڕیی و بنەمای زانستی ڕەچاو دەکەین و ھێزی پێشمەرگە پێویستە وەک ھەمیشە ھێزی خەڵک و کوردستان بێت.