ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم: بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی ھەرێم نادەستورییە
کوردسات نیوز
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێم کۆبۆوە، بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش بڕیاری دادگاکە لە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٢ تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە، دوای گفتوگۆکردن لەسەر بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە نادەستووری ونادادپەروەرانە دادەنێت.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیرکراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگیان بەو دەستوورەداوە.
لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، حکومەتی ھەرێم ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەوبابەتە.