"قوباد تاڵەبانی"جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا بۆ گیان لەدەستدانی شنیار کەلەلایەن ھاوسەرەکەیەوە سوتێنرا و رۆژی چوارشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا رایگەیاند، بیستنی ھەواڵی ژیانئاوایی شنیار خەمباری کردم،  شنیارخان ھاوڵاتیەکی بێ تاوان بوو، تەنیا ژن بوونی تاوانی بوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، بە ئازارم کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا تائێستا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاوانێک ھەن وا بیردەکەنەوە کە ھەڕەشە، ئازاردان و کوشتنی ژنان ئاساییە. لەوەش بە ئازارتر ئەو بێ ھەڵوێستییە شەرمھێنەرەی کۆمەڵگاکەمانە.

جەختی لەوشەکردۆتەوە، ئەرکی ئێمە تەنیا گرتن و سزادانی ژنکوژان نییە، بەڵکو وەک کۆمەڵگا پێکەوە بە پیر و گەنج، حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەکان، بە یەک دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێی قبوڵ نییە و کاتی کۆتایھێنانە بە کلتوری ژنکوشتن، چونکە ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە.