پۆلیسی سلێمانی ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکرد کە ھاوسەرەکەی سوتاند
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بنکەی پۆلیسی کوردسات ئاگادارکرایەوە لە بوونی ڕووداوێکی سوتانی ژنێک، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای گواستنەوەی ژنەکە بۆ نەخۆشخانە، دەرکەوت کە ڕێژەی سووتانی جەستەی ٧٥% بووە .
دوای وەرگرتنی ووتە لە ژنەکە دەرکەوت کە ھاوسەرەکەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا نەوتی پێدا کردووە و سوتاندوویەتی و دواتر بۆ دەربازبوون و خۆحەشاردان ھەڵاتووە بەرەو سنوور.
راشیگەیاند، دواتر بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ١٩٩٧ و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.