لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، یەکڕیزی کورد، چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێم. جەختیشکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەت، یەکخستنی ھەوڵەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستوور و لێکتێگەیشتن و دیالۆکی بونیادنەرانەی نیشتمانیی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری دۆخی عێراق، ھەرێم و پێشھاتەکان دووپاتیکردەوە لە خێراکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای تەوافق و ھاوبەشیەتی نیشتمانیی کە ببێتە ھۆی تێپەڕاندنی دۆخەکە و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و چاکسازیکردن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات.

بۆ ھەرێمیش بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پێویستی یەکڕیزی ماڵی کورد و ڕوونیکردەوە یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادە بکات دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی، بە یەک گوتاری کوردستانیی ڕووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە و لەسەر بنەمای ھاوسەنگی سیاسی و بەرژەوەندی گشتی خۆمان ڕێکبخەینەوە، کە بۆ ئەوە کات ماوە و پێویستە نیەتێکی جددی ھەبێت بۆ پاراستنی یەکریزی کورد، کە یەکێتی لەو ڕووەوە ھیچ مەرجێکی نییە و دەمانەوێت ئەم ئامانجە باڵایە بەدیبێنین، کە لە خزمەتی گەلەکەماندایە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە کات و ساتی خۆیدا بەڵام دەبێت داواکاری ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ھەند وەربگیرێت و یاساکە بە شێوەیەک بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی ھەرێم و پڕۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیە کە کەموکورتیی زۆری تێدایە و گلەیی و تێبینی زۆربەی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکان و ڕای گشتی لەسەرە. بۆیە یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە.

ھەر لە دیدارەکەدا پێویستی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی بواری ئابووری، بازرگانی و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی ئابووری لە ھەرێم.