حکومەتی ھەرێم رایگەیاندووە، بە پێی ماددەی ١١٢ی دەستوری عێراق بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەسری حکومەتی فیدراڵی نیە وئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرھێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان.

لەم بوارەدا ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی نا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یاسایەک دەربکات بۆ نەوت وگاز کە ڕەشنووسەکەشی ئامادەکرا و پەسەندکرا لەلایەن ھەردوولاوە لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٧، لەبەر ئەوەشی ڕەشنووسە ھاوبەشەکە یەک لایەنە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە گۆڕانکاری جەوھەری تێدا کرا بەبێ ھەرێم و خاڵیکرایەوە لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێم، بۆیە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستورییەکان یاسای نەوت و گازی ھەرێمی تەشریع کرد و لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێ ئەم یاسایە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە، لە دوای بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێم، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییش نەوتی ھەرێم ھەناردە کرا بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. باس لەوەش کراوە، لە کاتێکدا دەبوو ھەموو لایەنەکان پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەیان بکردایە  لە نێوان حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ، بەڵام دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی دەرکرد بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان بە پشتبەستن بە  یاسا مەرکەزییەکانی رژێمی بەعسی پێشوو کە  ناکۆکن لەگەڵ بنەماکانی فیدڕاڵیەتدا. 

حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە دەبێتە ھۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە و ھەرێمیش جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە.

حکومەتی ھەرێم جەختیشیکردووەتەوە، دەستبەرداری مافەکانی ھەرێمی کوردستان نابێت، لەم سۆنگەیەشەوە لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کرد و ھەوڵیدا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی داھاتوودا ڕێکبکەوێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا حکومەتی ھەرێم رایگەیاندووە، ھەموو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی ھەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.
حکومەتی ھەرێم وەڵامی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دایەوە