چالاکوان و رۆژنامەنووسە سزادراوەکانی بادینان نامەیەکیان بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٥ی شوباتی ٢٠٢٢
سزادراوەکانی بادینان نامە دەزگا ئەمنی و حکومی
چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکانی بادینان لە نامەیەکیاندا نووسیویانە، " کۆی پرۆسەی (دەستگیرکردن و شێوازی لێکۆڵینەوە و ھەڵسوکەوت و دادگاییکردنیان) لەلایەن دەزگا ئەمنی و حکومی و دادوەرییەکانی ھەولێر، دەرخەری نادادییەکی قووڵ و غەدرێکی مێژوویی و بێ ویژدانییەکی لەڕادەبەدەربوون و دژبە بەندەکانی دەستوری عێراق و جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش بوون.
ئاماژەشیان بەوەکردووە، لە زیندان قەدەغەی بینینی پارێزەرەکانیان لێکراوە و توندوتیژییان بەرامبەر کراوەو دەشڵێن، راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرچاوترین بەڵگەی بێ تاوانی ئەوان و زۆرداری دەزگاکانی ئیدارەی ھەولێرن .
چالاکوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەکانی بادینان ئاشکرایان کردووە، ئیفادەکانیان گۆڕدراوە، ھەڕەشەی خێزانییان لێکراوە، ئەشکەنجە دراون و بە ناچاریش ڤیدیۆیان پێکراوە. ئەمە جگە لەوەی ھێزە ئەمنییەکان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و لەناو خێزانەکانیان دەستگیکراون و بەرەو شوێنی نادیار بردراون.