یەکێتی و چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیانکردەوە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان
کوردسات نیوز
١٤ی شوباتی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق کۆبۆوەو .
گفتوگۆیان کرد لەبارەی پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقن بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەکە کرا و ھەڵوەستەکرا لەسەر پێشھاتەکان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.
کۆبوونەوە بەوردی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەڵوێستی لایەنەکانی عێراق و ھەرێم کرد، تەئکید لە دروستکردنی تەوافق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی تر کرایەوە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، زمانی دیالۆک و دورکەوتنەوە لە دەمارگیری سیاسی و نەتەوەیی بە رێگاچارەی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەقەڵەمدرا.
ھەروەھا یەکێتیی و چوارچێوەی ھەماھەنگی سوربوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە .
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پەرۆشی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و چاکساز کە خزمەتی زیاتری وڵات و خەڵک بکات.