قوباد تاڵەبانی: یەکێتی نوسەران بە درێژایی تەمەنی کۆکەرەوەی ئەو قەڵەمە بە ھەڵوێستانە بووە کە داڕێژەری کوردایەتی بوون
١٠ی شوباتی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە ...
بەڕێز سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد
بەڕێزان نوسەران و ئەدیبان و رۆشنبیرانی کوردستان
بە بۆنەی یادی پەنجا و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی کوردەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە پێشڕەویکردنی ڕەوتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە کوردستاندا.
لەم ساڵیادەدا ڕۆڵ و پێگەی ڕێکخراوە درەوشاوە و تێکۆشەرەکەتان بەرز دەنرخێنین لە خزمەتکردنی کاروانی ئەدەبی و پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردیدا.
یەکێتی نوسەران بە درێژایی تەمەنی کۆکەرەوەی ئەو قەڵەمە بە ھەڵوێستانە بووە کە داڕێژەری بیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی بوون، بۆ داھاتووش متمانەم ھەیە بتوانێت پێشەنگی بزاڤی ڕۆشنبیران و نوسەران بێت لە مەیدانی تێکۆشانی ئەدەبی و ڕووناکبیری و ئاڕاستەیان بکات لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و مەسەلە ڕەواکانیدا.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران


