سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
١٠ی شوباتی ٢٠٢٢
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەواڵێک بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە فرۆشتنی بینای دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی، بەڵام ئەو ھەواڵە بێبنەما و ناڕاستە، ئەو جۆرە ھەواڵ و نوسراوانە بە چەواشەکاری دەزانن کە مەبەستیان تێکدانی میزاجی ھاووڵاتیان و شڵەژانی ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
ھاوکات سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سکاڵا لەدژی ھەر سایت و پەیج و ئاکاونت و دەزگایەکی راگەیاندن تۆمار دەکات کە ئەو ھەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە و رێوشوێنی یاسایی توند و پێویستیان بەرامبەر دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتیان لەخشتە نەبرێن و یاری بە میزاج و ھەستیان نەکرێت.