وردبینی بۆ داھات و خەرجییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت
١٠ی شوباتی ٢٠٢٢
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لیژنەی ھاوبەشی وردبینی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێم بە ھاوبەشی وردبینیان بۆ داھات و خەرجییەکانی ساڵی ٢٠٢١ی ھەرێمی کوردستان دەسپێکردووە و لە رۆژی ٦ی شوباتەوە لیژنەکە بەردەوامە لەکارەکانی.
باسی لەوەشکرد، لیژنەکە وردبینی بۆ ئەو داھاتانە دەکات کە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە و لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتەکان وردبینی بۆ ئەو ژمارانە دەکەن کە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە و تا ئێستاش ھیچ گرفتێک لە داھاتەکان نەبووە.
لەبارەی ئەوەی دەوترا ئەگەر داھات و خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئاشکرا نەکرێت تا ١ی ئادار ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری پشکی ھەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رادەگیرێت، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دڵنیاییدا لەوەی، لیژنەی وردبینی ئەمە دووەمجارە وردبینی دەکاتەوە بۆ داھاتەکان و ھیچ گرفتێکیش نییە و بەوھۆیەوە ھیچ مەترسییەک لەسەر نادرنی ٢٠٠ ملیارەکە نییە تا ئەوکاتەی پرۆژە یاسای ٢٠٢٢ی حکومەتی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و لەوکاتەشدا پێویستە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ھەرێم و بەغداد بکرێت.