شەپۆلێکی تری بەفر و باران روو لە خۆرھەڵاتی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
٩ی شوباتی ٢٠٢٢
کەشناسی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران بارین لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و ٢٢ پارێزگای تری ئێران دەستپێدەکات و تاوەکو دووشەممەی داھاتوو بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە زۆربەی ناوچەکان، شەپۆلەکە رەشەبایەکی توند و ھەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش ٧ بۆ ٩ پلە دادەبەزێت.
کەشناسی ئێران راشیگەیاندووە، ئەگەری کڕێوە و ھەرەسی بەفر و داخرانی رێگەکان لە ناوچە شاخاوییەکان لەئارادایە، بۆیە پێویستە ھاوڵاتیان تا ھێوربونەوەی ڕەوشەکە، خۆیان لە سەردانیکردنی ئەو ناوچانە بپارێزن.



