ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم کۆبۆوەو چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە بەستنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە.

ھەروەھا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، (٤٠) ئەمپێر کارەبا بە ھاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە و  کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و ماڵپەڕی پسولە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندووە، پێویستە تەواوی ھاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان ھەبێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (١,٤٨٠,٠٠٠) ھاوبەشی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو، بەڵام ئێستا بۆ (١,٨٠٠,٠٠٠) ھاوبەش بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەھێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران. بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاریکردووە.