ڕۆژی ٢٩ی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە نوسراوێک داوای لە سەرۆکایەتیی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کردووە،  "٧ ملیۆن و ٥٢٠ ھەزار و ٨٢٩" دۆلار، بۆ چاککردنی ڕێگەی "سەرتەک-مەرزی پشتە" لە ناحیەی بەمۆ تەرخان بکات، کە درێژییەکەی زیاتر لە ٣٦ کیلۆمەترە.

لە نوسراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا ھاتووە، ئەو ڕێگایە سەرچاوەیەکی گرنگی داھاتە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر گوندی لەسەر، کە تا ئێستا وەک پێویست خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە.

لە وەڵامی ئەو نوسراوەدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کرد و ئاماژەی بەوەکردووە، دوای دیراسات و وردبینی،  بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕەزامەندی نەدرا لەسەر خەرجکردنی ئەو پارەیە، بۆ چاککردنی ڕێگەی "سەرتەک-مەرزی پشتە" لە ناحیەی بەمۆ.