"حاکم زاملی" جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەی ھەنگاوێکی گرنگ و سەرەکییە لە کاری یاسادانان و چاودێری.

وتیشی، لە دانانی ئەندامانی لیژنەکان پسپۆڕیی و لێھاتوویی لەبەرچاو دەگیرێت، چونکە بەھێزی ئەنجومەنی نوێنەران، بەندە بە بەھێزی سەرۆکایەتییەکان و ئەندامان و ڕۆڵی پێویست لە کاراکردنی ئەرکی پەرلەمانتاری و چاودێریکردن.

لەلایەکی ترەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ڕەوانەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢.

بڕیاریش بوو دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار بکرێت، بەڵام بەھۆی بایکۆتی فراکسیۆنە سەرەکییەکان، تەنھا ٥٨ پەرلەمانتار ئامادەبوون و نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە تەواونەکرا.