وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە ھەولێر بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق کۆبوونەتەوە و لەسەر راسپاردەی بەرپرسی ئۆفیسی ھەماھەنگی ئاسایشی ئەمریکاش بڕیاردراوە لیژنە ھاوبەشەکانی ھەردوولا کاراتر بکرێن و بڕیاریش لەسەر دانانی نوێنەرێکی وەزارەتی بەرگری لە ‌وەزارەتی پێشمەرگە دراوە بە ئامانجی کارئاسانی و رایکردنی نوسراوە ئیدارییەکانی نێوان ھەردوولا. 
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، کێشە ھەنوکییەکانی بەردەم پرسی پێکھێنانی لیوای ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و کاراکردنی زیاتری بنکەکانی ھەماھەنگی ھاوبەش گفتوگۆی لەبارەوە کرا، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشکەوتنەکان و مەترسیەکانی تیرۆر و پرسی پتەوکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندییە سەربازییەکانی  نێوان ھەردوولاش کراوە.