شانەی راگەیاندن و ھۆشیاری پێشمەرگە راگەیەنراوی ژمارە یەکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ھاوبەش لەنێوان فەرماندە سەربازییەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەپێناو نەھێشتنی بۆشایی ئەمنی، ئەمرۆ ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و باکور و رۆژھەڵاتی چیای قەرەچوغ بەڕێوەچوو.
لە ھێزەکانی پێشمەرگە میحوەرەکانی ٥ و ٦ و لیواکانی پیادەی (٢، ١٠، ١٤، ١٨)، بەتالیۆنی کۆماندۆ لەگەڵ ھەردووک یەکەی تایبەتی میحوەرەکانی ٥ و ٦، لە ھێزەکانی سوپای  عێراقیش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک (بارەگای پێشکەوتو) بەشدارییان تێدا کرد.
ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە، کێوماڵ کردنی  ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی بوو، کە دەکەونە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و پەلکانە و باکور و رۆژھەڵاتی چیای قەرەچوغ.
لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەدا، توانراوە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی دیاری کراو بەتەواوەتی کێوماڵ بکرێت و ھەردوولا، ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەخاڵی بەیەک گەیشتندا، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند.