ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی ٢ی ٢٠٢٢، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە ئۆلیڤێی دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان کرد.


لە دیدارێکی نێوانیاندا باسی دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە کرا، ھاوکات باسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و ئاستەنگەکان و جیاوازیی دید و تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرۆسەکە کرا.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پڕۆسەیەکی تەواو دیموکراسییە، ھەر ھەنگاوێک بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بنرێت، پێویستیی بە کۆدەنگیی حزب و لایەنە سیاسییەکانە، ھیواخوازین پرۆسەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە بچێت و ھیچ لایەنێک تێیدا ھەست بە پەراوێزخستن نەکات و ھەمووان بە گوێرەی سەنگ و قەبارەی جەماوەریی خۆیان گوێیان لێبگیرێت، دواجار ببێتە مایەی تووندوتۆڵی و یەکڕیزیی نێوان سەرجەم حزب و نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان و گوزارشت لە ھەمووان بکات". 


سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێڕاقیش گوتی: "ئەمەی کە ئێستا لە ئارادایە لە ئاڵۆزی و بە یەک نەگەیشتنی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، پێشبینیکراو بوو، پێشووتریش بەر لە ھەڵبژاردنەکان بۆچوونی خۆمان لەم بارەیەوە خستۆتە ڕوو، ئومێد دەکەین بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی بنیادنەرانە ھەمووان بگەنە ڕێککەوتن و سازان".


لای خۆیانەوە ئۆلیڤێی دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پێشوازی لێکردنیان و خستنەڕووی سەرنج و تێڕوانینە گرنگ و پڕ بایەخەکانیان.