شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێم کۆبۆوە
٦ی شوباتی ٢٠٢٢
ھەر لە کۆبونەوەکەدا بیروبۆچوون لەبارەی پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە ئاماژە بە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کراو، باس لە گفتوگۆ و ھەنگاوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکھێنانی حکومەتی عێراق کرا، لای خۆیەوە، خاتوو شاناز روئیای یەکێتی بۆ قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق خستەڕوو و دووپاتیکردەوە کە یەکێتی پێداگربوە بۆئەوەی کورد بەیەک تیم و یەکگرتوویی بچنە بەغداد تا پێکەوە گفتوگۆکان بۆ داکۆکی لە مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانمان بکەین، پەیوەست بەوپرسەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لەپێویستی پێکھێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاست چاوەڕوانی و داخوازی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقدا بێت.
لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد باسی لەوەکرد ، کە تەبایی ناو ماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرجەم لایەنەکانە و ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەمڕوەوە روونکردەوە، ھاوکات رۆشنایی خستەسەر دۆخی ئێستای ھەرێم و باروگوزەرانی ھاوڵاتیان و رایگەیاند، ناکرێت ھێندەی تر قورسایی بخرێتەسەر ژیانی ھاوڵاتیان و کێشەی دیکەی جیاجیا دروست بکرێت، بەڵکو پێویستە میکانیزمی باشتر بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستا بگیرێتەبەر، بەتایبەت کە ھێشتا مەترسی تیرۆریستانی داعش لەسنورەکەدا ماوە و ھەڕەشەن بۆ ھەمووان.