عەلی محەمەد نائینی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری دایە ئیسرائیل و رایگەیاند، "بە بوێرییەوە هەڕەشەی دەستدرێژیی نوێ دەکات،" و جەختیشی کردەوە کە لە ئەگەری هەنگاونانی ئیسرائیل، "رێگە نادەین زەنگی ئاگادارکردنەوەکان لە ئیسرائیل بوەستن."
لە لێدوانێکدا، وتەبێژی سوپای پاسداران وتی: "پێویستە بزانن کە ئەگەر دەستدرێژی دووبارە ببێتەوە، رەنگە سروشتی وەڵامدانەوە و گۆڕەپانی شەڕەکە بگۆڕێت، و وەڵامەکان زۆر توندتر دەبن لە جاران."
نائینی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا دەستپێشخەری بۆ راگرتنی ململانێکە دەکەوێتە دەستی ئێمە." هەروەها وتی: "باشتر وایە سەرەتا داروپەردووی بنکەی عودەید لابدەن، تا بزانن چیتان بەسەرهاتووە، ئینجا قسەی بەتاڵ و هەڕەشە بکەن."
لە کۆتایی هەڕەشەکانیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە: "ئاوارەبوون و هەڵاتنێکی گەورەتر لەوەی لە شەڕی 12 رۆژەدا بینیتان، دەبینن و دەرفەتی کارکردنی زەنگی ئاگادارکردنەوەکانتان لە ئیسرائیل ناهێڵین و توانای دەرچوونتان لە پەناگەکانیش نامێنێت."
لەلایەکی دیکەوە و هەرچەندە ئاگربەست لەنێوان تەلئەبیب و تاران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زەمیر، رایگەیاند کە "هێشتا ئاڵنگاریی زۆریان لەپێشە و کاتی پشوو و خاوبوونەوە نییە."
هاوکات، لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی گورزی سەربازی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدوور نەزانی.