دەقی پەیامەکە : 
بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین، برایان و خوشکانمان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر راگەیاندنی  یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەین، ھیوای بەرەوپێشچوونی زیاترتان بۆ دەخوازین.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک ھێزێکی مەدەنی میانڕەو، خاوەن ھەڵوێست و گوتار و دیدی بەرپرسیارانە بووە، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە و ھەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکان و کاری چاکەخوازی، کە ئەمە جێگەی ستایش و پێزانینی بەردەوام بووە.
ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکەمەوە و ھاوکار بین لەپێناو خزمەتکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕ و سەنگین و بەرپرسیارەکان ھەماھەنگ بین بۆ بنیادنانەوەی پایەکانی حکومداری تەندروست، خزمەتگوزار و رووبەڕووی قەیران و ئاستەنگەکان ببینەوە و کاربکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دووبارە پیرۆزتان بێت
ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن 

دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٦ی ٢ی ٢٠٢٢ - بەغداد