بزووتنەوەی حەماس و ژمارەیەک لە لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکە، رۆژی پێنجشەممە جەختیان کردەوە کە رێگای چارەسەر بە راگرتنی جەنگ دەست پێدەکات، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ئامادەن پرسی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاگربەستدا چارەسەر بکەن.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هاتووە: "لایەنە فەڵەستینییەکان بە گرنگییەوە چاودێریی رەوتی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە کە لەم دواییانەدا لە نیویۆرک کۆتایی هات، کە لە قۆناغێکی مەترسیدار و هەستیاری مێژووی فەلەستیندا بەڕێوەدەچێت."
لایەنە فەڵەستینییەکان رایانگەیاندووە کە رێگای چارەسەری سەرەتا بە راگرتنی جەنگ و ئەوەی بە "کۆمەڵکوژی و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیک" ناویان بردووە، دەست پێدەکات.
هەروەها ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ "چارەسەرکردنی پرسی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاگربەست، کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کردنەوەی دەروازەکان و دەستپێکردنی دەستبەجێی ئاوەدانکردنەوە."
لایەنەکان داوای "رۆشتن بەرەو پرۆسەیەکی سیاسیی جددی، بە چاودێری نێودەوڵەتی و عەرەبی" دەکەن، کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل"
جێگای ئاماژەیە، "راگەیەندراوی نیویۆرک" کە رۆژی چوارشەممە دەرچوو، جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی "حەماس" و رادەستکردنی چەکەکانی بە دەسەڵاتی فەڵەستین کردبووەوە، ئەمەش بە پشتیوانی و بەشداریی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینیی سەربەخۆ.